کامێران، تا ئەوپەڕی خەونەکانی شاماران، ڕازەکان ئەدرکێنێ
بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی پێناسەی ئوستوورەی شاماران و پەردەلادان لە ڕۆمانی کوردیی شاماران لە کامێران
ڕێوڕەسمی شرۆڤەی ئوستوورەی شاماران و پەردەلادان لەسەر ڕۆمانی کوردیی شاماران لە نووسینی جەبار شافعیزادە، لە کامێران بەڕێوەچوو.
ڕێوەڕەسمەکە ڕۆژی شەمە ۲۷ی خەزەڵوەری ساڵی ۱۴۰۲ی ک.هـ کاتژمێر ۳ هەتا ٦ی دوانیوەڕۆ لە هۆڵی فەرهەنگ و ئیرشادی کامێران کە بە هاوکاریی ڕێکخراوەی پەروەردە و ڕاهێنان، بنکەی توێژێنەی مامۆستایان، کتێبخانەی گشتیی و فەرهەنگ و ئیرشادی کامێران لە ساڵۆنی فەرهەنگ و ئیرشادی ئەو شارە بەڕێوەچوو، لەلایەن خەڵکی شارەوە بە شێوازێکی کەموێنە پێشوازیی لێ کرا و بەشداریی چالاکانەی منداڵان و مێرمنداڵان بەشێوەیەکی بەرچاو خۆی دەنواند.
ڕێوڕەسمەکە پێکهاتبوو لە سێ پانێلی شیکاری:
لە پانێلی ئوستوورەناسی و کۆمەڵناسیدا کە بە بەشداری بەڕێزان سومەیە یووسفی، حسێن محەمەدیان و سەعید عەنایەتی پێشکەش کرا، ڕیشەی وشەی شاماران، لایەنە ئوستوورەییەکانی شاماران و پێوەندی نەتەوەی کورد لەگەڵ ئایینی پیرۆزی مێهرپەرەستی و بوونەوەری مار، خرایە بەر باس و ڕووناکییش خرایە سەر تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتییەکانی و شێوازی کەڵک وەرگرتن لەو تایبەتمەندییانە لە جیهانی مودێڕندا و پێناسەیان بۆ کرا.
لە پانێلی دەروونناسیدا کە بە ئامادەبوونی بەڕێزان میترا ئەسەدی و دوکتۆر سەیفوڵا ڕەحمانی دەروونناس پێشکەش کرا، ئوستوورەی شاماران بەپێی تیۆری دەروونناسی فرۆید و یۆنگ و ڕانک شرۆڤە کرا و هۆی بەش بوونی شاماران بەسەر سێ بەشی، سەر و نێوقەد و کلک و هەروەها زەین و لەش و دڵ خرایە بەرگوێی ئامادەبووان.
لەم بەشەدا ڤیدیۆکلیپێک لە ئامادەکردنی بەڕێز فەردین نیکڕەوش لەسەر ژیان و بەرهەمەکانی نووسەر بڵاو کرایەوە و دوابەدوای تەواوبوونی، نووسەری شاماران چمکێک لە ڕۆمانەکەی پێشکەشی دایکی و هاوژینی کرد و بۆ بەشداربووانی خوێندنەوە و پێشوازیی لێ کرا.
لە پانێلی ئەدەبیدا کە بە بەشداری بەڕێزان بێهجەت سەعیدی یەک لە بەڕێوەبەرانی چاپەمەنیی ڕێگا، عەتا وەلەدی، شاعیر و وەرگێڕ و ماجوو مێهری( محەمەد مێهریفەڕ) شاعیرەوە بەڕێوە چوو، سەرەتا خاتوو بێهجەت باسی گرنگیی ئوستوورەی شامارانی خواژنی زانایی و ڕازداری و زاوزێی و هۆکارەکانی چاپی ڕۆمانی لەلایەن ڕێگای بانەوە کرد.
دواتر بەشداربوانی پانێلەکە ڕۆمانەکەیان لە بواری ئەدەبیەوە شرۆڤە کرد و هەر کام لەوان لایەنە ئەدەبییەکانی ڕۆمانەکەیان خستە بەر باس و ئاوڕدانەوەی لە لایەنە ئوستوورەییە کوردییەکان تایبەتتر شاماران و ئافراندنەوەیان لە ژانێرێکی مودێڕنی وەک ڕۆمان و هەروەها ئافراندنەوە و گێڕاندنەوەیان بۆ منداڵانیشیان بە پێویستیەکی ئەمڕۆیی و هەنگاوێکی باش بۆ پاراستن و گواستنەوەیان و ڕەهەندێ بۆ خۆناسینەوە و خۆناساندن بە جیهان و هەنگاونان لەپێناویان بۆ بە جیهانییکردنەوەی ئوستوورە و ئەفسانە کوردییەکان زانی و کەڵکوەرگرتنی نووسەر لە ڕۆمانەکەیدا بۆ یەکەم جار لە ڕۆمانی کوردیدا لە سێ دیالکتیکی کوردی: کەڵهوڕی و هەورامی و سۆرانییان وەک بەشێک لە نەریت و ژیانی کامێرانیانەیان، بەرز نرخاند.
لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا سێ مێرمنداڵی وەشەسیای بەشداربوو وەکوو بەرەی نوێی ژیری و زاناییەکانی شاماران: تینا قوبادی، سارۆ باقرنەسەب و ساریا سەبووری، ڕوانگە و پرسیارەکانیان سەبارەت بە شاماران و ڕۆمانەکە پێشکەشی ئامادەبووان کرد و هیوایان خواست بەرەکانی ئەمڕۆ و داهاتووی کورد ئاوڕێکی جیدی لە شاماران و ڕۆمانەکە بدەنەوە بهڵکوو ببێتە هێمایەک بۆ شوناسیی نەتەوەیی کوردان.
گۆرانیی کوردی لە لایەن گرووپی مۆسیقای شامارانەوە
دواتر دوو گۆرانیی کوردی لە لایەن گرووپی مۆسیقای شامارانەوە بە دەنگ و هونەری بەڕێزان، حکمەت باتمانی و ئیسماعیل شافعیزادە، پێشکەشی بەشداربووان کرا.
گرووپی شاماران وەک ئەمەگناسی پارچەیەک مۆسیقاکەیان پێشکەشی ڕۆحی نەمری هونەرمەندانی کامێرانی: مامە عێزەت حەقشناس، لالە فەتالی تەختی، میرزا مراو عەزیزی، فاتێح مەردۆخیان، ئەحلە زریکەی گڵیان و پەنجە و ئاکاردۆنەکەی هێشتای کەیوو موتیعی کرد.
لە درێژەدا فیلمێکی دۆکیومنتاری بەرهەمی فیلمسازی گەنجی کورد ڕێبوار مەحموودپوور، لەسەر هونەرمەندی کەڵنی شێوەکاری کوردی خەڵکی سەهنە و دانیشتووی کرماشان بەشیر نەزەری و لەسەر تابلۆ تایبەتەکانی “شاماران”ی بڵاوکرایەوە و لە لایەن “نووسەری شاماران”ەوە ڕێز لە “شێوەکاری شاماران” گیرا.
بە بەشداری بەرپرسانی شاری کامێران و چەپڵەڕێزانی جەماوەردا، خاتوو بێهجەت سەعیدی و نارین شافعیزادەی کچە گەورەی نووسەر، پەردەیان لەسەر ڕۆمانی شاماران لادا.
سپاس و پێزانین رۆڤەی ئوستوورەی شاماران و پەردەلادان
لە کۆتاییدا وێڕای سپاس و پێزانین لە یەک بە یەکی هەنگاوەکان بۆ جێبەجێکردنی ڕێوڕەسمی شرۆڤەی ئوستوورەی شاماران و پەردەلادان لەسەر ڕۆمانەکە و پێشکەشکردنی چەن سپاسنامە کۆڕەکە کۆتایی پێهات.
پێشکەشکاریی کۆڕەکە خاتوو ژوان قوبادی، یەکەم ئەزموونی خۆی بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کرد و ئەرکی وێنەکانی کۆڕەکەش لە ئەستۆی ڕێزدار ئازاد ڕووزبە وێنەگری مەریوانی بوو. گرتنی ویدئۆی کۆڕەکەش لە ئەستۆی ڕێزدار فەردین نیک ڕەوش و موحسین محەممەدی لە هونەرمەندانی کامێران بوو.
هاوکاریی نەشری ڕێگای بانە
لە پەراوێزی کۆڕەکە و لە نیگارخانەی ئیرشاد لەلایەن بەڕێوەبەرانی کۆڕەکەوە پێشانگایەک تایبەت بۆ منداڵە دەستڕەنگینەکانی کامێران کرابووەوە و شێوەکاری و وەویلکەکانیان نمایش کرا و لە سووچێکی پێشانگای شاماران، بەڕێز ئەحکام ئیسماعیلی بەرپرسی “کتێبفرۆشیی فەرهەنگ”ی کامێران بە هاوکاریی نەشری ڕێگای بانەش پێشانگایەکی گچکەی کتێبی بەڕێوەبرد و تێیدا ڕۆمانی شاماران و کتێبە منداڵانەکانی نووسەری منداڵان ،جەبار شافعیزادەیان بەڕێوەبرد و لەلایەن بەشداربوانەوە پێشوازییەکی باشی لێ کرا.
شیاوی ئاماژەیە، ڕۆمانی شاماران، ئافراندنەوەی ئوستوورەی شامارانە و یەکەم ڕۆمانی کوردییە کە بە سێ زاراوەی زمانی کوردی: سۆرانی، کەڵهوڕی و هەورامی نووسراوە و لە ساڵی ۱۴۰۲ی ک.هـ لەلایەن چاپەمەنیی ڕێگاوە چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
سەرنجەکان